/گشتی/
ئەم فەرموودە پێویستە هەموو موسوڵمانێك ئاگاداری بێت!
: 44
2026-09-19
ئەم فەرموودە پێویستە هەموو موسوڵمانێك ئاگاداری بێت!
تاوانی ڕیبا خواردن لە ئیسلامدا تاوانێكی زۆر گەورەیە و سزاكەی لە قورئاندا بەسەختی باسكراوە كە الله تعالی جەنگی لەگەڵ ئەنجامدەرانیدا ڕاگەیاندووە و لە فەرموودەشدا لەعنتیان لێ كراوە، ئەم فەرموودە پێویستە هەموو موسوڵمانێك واتاكەی بزانێت كە زۆر بە شێوەیەكی ترسناك باسی سزاكەی دەكات:
(لَعَنَ رَسولُ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم آكِلَ الرِّبا، ومُؤكِلَه، وكاتِبَه، وشاهِدَيه، وقال: هُم سَواءٌ) مسلم : 1598.
ئەم فەرموودە لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە و هاوەڵی بەڕێز عبدالله بن مسعود بۆمانی دەگەڕێتەوە كە رسول الله صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی لەعنەتی الله لەو كەسە بێت ڕیبا دەخوات، لەو كەسە بێت كە ڕیباكە دەدات، لەعنەت واتە لە ڕەحمەتی الله تعالی بێبەشن و دەركراون، بەڵكو ئەو شایەتانەش لە نێوان سووخۆر وسوودەرەكەدان، ئەو كەسەش كە گرێبەستەكە دەنووسێت و هیچ سوودێكی مادی بەرناكەوێت وتەنها كارەكە ڕێكدەخات، هەر هەموویان بەڕاشكاوی لەم فەرموودەدا بەر لەعنەت كەوتوون.
وەكو ئاماژەیەكیش بۆ قێزەونی ئەوتاوانە لە كۆتایی فەرموودەكەدا پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم فەرموویەتی: (هم سواء) واتە هەموویان وەكو یەكن و جیاوازییان نییە: ئەو لایەنەی كە ڕیباكە دەدات (بانكەكە یان هەر لایەنێكی تر بێت، ئەوەشی كە وەریدەگرێت و دەیخوات، ئەوانەش كە لەو نێوانەدا شایەتن، ئەو كەسەش كە ئاسانكاری نووسینی گرێبەستەكە دەكات وعەقدەكە دەنووسێتەوە هەموویان بەر لەعنەتەكە كەوتوون.
لێرەشدا بەڕاشكاوی هۆشیاری بە برایان و خوشكانی عومرەكار و گەشتیاران دەدەم، لەوانەی سوود لە گۆڕینی ئەو (2000) دۆلارە دەبینن كە بانكەكان بە نرخی فەرمی پێیانی دەدەن، داوایان لێ دەكەم خۆیانی لێ بەدوور بگرن چونكە ڕیبایەكی ڕوون و ئاشكرایە و سزای ئەو ڕێبایە تەنها لە بانكەكان و ئەو عومرەكار وگەشتیارانەدا كورت هەڵنەهاتووە، بەڵكو ئەو كارمەندانەش كە لە كۆمپانیاكانی حەج و عومرە و ئەو شوێنانەی تكتی فرۆكە دەبڕن و ئەو فەرمانبەرانەی لە بانكەكان ئەو كارە ئاسان دەكەن با خۆیشیان ئەو كارە ئەنجام نەدەن و تەنها وەكو كارمەندێك ڕێكخستنی كارگێڕی بۆ ئەو كارە بكەن، هەر هەموویان بە پێی ئەو فەرموودە بەر ئەو لەعنەتەكە دەكەون.
كەسیش نەلێت فڵان و فیسار وتوویانە جائیزە و ئەو كەسە ڕاستە خۆی دەبێتە حەڵاڵكەری ڕیبا، بەڵام هەرگیز باری تۆ لە سزا و لە نەفرەتەكە سووك ناكات.
ئەو قسەش كە چەندین جار كردوومە و بۆ كەسێك ترسی الله و ڕۆژی دوایی هەبێت بەسە ئەوەیە ئەگەر گۆرینی ئەو بیست وەرەقە مەسەلەیەكی خیلافیش بوایە وكەسانێك بیانوتایەڕیبایە و كەسانێكی بە ڕیبایان نەزانایە، ئەگەر وایش بوایە كە بەیەقین وا نییە و ڕیبایەكی ڕوون و ئاشكرایە، هەر دەبوو موسوڵمان ترسی الله ی هەبێت وبڵێت مادام وایە ئەو خێرەممان لە الله دەوێت و ئەوەی گومانی ڕیبای تێدا بێت لێی دوور دەكەوینەوە، بەڵام سبحان الله زۆرێك لەم كوردەی خۆمان سەیرن! ئەوەی پەیوەندی بەپارەوە هەبێت بەدوای حەڵاڵكەرێكدا دەگەڕێت بۆی حەڵاڵ بكات وا دەزانێت لە ڕۆژی قیامەتدا ئەم سەلامەت بۆی دەردەچێت و هەموو تاوانەكە دەكەوێتە سەر ئەو كەسەی حەڵاڵی دەكات بۆیان: (وليحملن أثقالهم وأثقالا مع أثقالهم ... )..
الله تعالی من و ئێوەش لەو تاوانە قێزەونە بپارێزێت ولە پێناو چەند سەد هەزار دینارێكدا خۆمان تووشی ڕیبا نەكەین.
إحسان برهان الدین
8 ربيع الآخر 1448
2025-01-13
2020-03-18
2024-03-06
2026-05-13
2025-01-13
2025-01-31
2023-04-26