ئیره‌یی له پێكهاته‌ی مرۆڤه‌كاندایه..به‌ڵام!
به شێوه‌یه‌كی گشتی حه‌سوودی یه‌كێكه له خراپترین ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی تووشی دڵ و ده‌روون ودینی مرۆڤه‌كان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر به به‌ربه‌ستی ئایینیش به‌ری نه‌گیردرێت قورسە بە هیچ بەربەستێكی تر ڕێگەی لێ بگیرێت و دواجاریش سه‌ر له هه‌موو خراپه و تاوانێكه‌وه ده‌رده‌كات.
هاوكات ڕاستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره، جگه له پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم هه‌موو كه‌سێك به‌شێكی - ئەگەر كەمیش بێت - له ئێره‌یی و حه‌سوودی تێدا هەیە، چونكه ئه‌و سیفه‌ته له بنچینەوە لە سروشت و فیتره‌تی مرۆڤه‌كاندایه، یەكەمین تاوانیش لە ئاسماندا سەرپێچی فەرمانی الله ی پێ كرا تاوانی ئیبلیس بوو كاتێك حەسوودی بە ئادەم برد و وتی: ﴿ أَنَا خَيْرٌ مِنْهُ خَلَقْتَنِي مِنْ نَارٍ وَخَلَقْتَهُ مِنْ طِينٍ) الأعراف، الآية 12.
لەسەر زەویشدا یەكەمین تاوان ئەنجامدرا هەر حەسوودی بوو، لە نێوان كوڕەكانی ئادەم علیه السلام، كاتێك هابیل بەرایەكەی خۆی وت: ( لَأَقْتُلَنَّكَ ۖ) المائدة:27. زاهیری قورئانیش دەروونەكانی بە چروكی و بە حەسوودی وەسف كردووە لە كاتێك الله عزوجل فەرموویەتی: ﴿وَأُحْضِرَتِ الْأَنفُسُ الشُّحَّ﴾ النساء: 128.
لەوانەیە هەر لەسەر ئەم بەڵگانەش بێت شیخ الإسلام ابن تیمیة بە ڕەحمەت لە مجموع الفتاوی فەرموویەتی: (ما خلا جسد من حسد، ولكن اللئيم يبديه، والكريم يخفيه) واتە هیچ كەسێك نییە بەدەر بێت بەشێك لە حەسوودی، بەڵام ئیتر ئەوەیە كەسی خراپەكار دەریدەبڕێت و چاكەكاریش دەیشارێتەوە.
كاتێك خزمێكت یان دراوسێ و هاوڕێیه‌كت - بگره له هه‌ندێ حاڵه‌تی دەگمەندا برایه‌كیشت - له بوارێكدا پێشت ده‌كه‌وێت و له تۆ زیرەكتر و باشتر دەبێت، لەوانەیە له ناخته‌وه ئەگەر پێیشت ناخۆش نەبێت ئاواتەخواز بیت لەو دەستكەوتەیدا تۆ لە شوێنی ئەو بیت. مرۆڤ له‌سه‌ر خودی ئه‌و هه‌سته وه‌كو هه‌ستێكی په‌تی گوناهبار نه‌بیت، بەتایبەتی ئەگەر (غبطة) بێت ئەوەیان هەر درووستە كە ئاواتەخوازیت تۆیش لەو تایبەتمەندییە باشەت هەبێت بێ ئەوەی حەز بكەیت لەسەر ئەو كەسە لابچێت، جا وەكو هەستە خراپەكە چونكه كەسەكە به ده‌ستی خۆی نییه و بەسروشتی خێری خۆی له خێری كه‌سانی تر - با نزیكیش بن - زیاتر مه‌به‌سته، بۆیە بە خودی هەستەكە تاوانبار نابێت.
ئه‌وه‌ی كه جیاوازییه‌كی تێدا هه‌بێت و ئه‌مەی باسمان كرد نەیگرێتەوە و وەكو (استثناء) بێت، باوك ودایكە، ئەوان هەرگیز حەسودی بەمنداڵی خۆیان نابەن، بەڵكو هه‌میشه نه‌ك ته‌نها به هەموو سه‌ركه‌وتنێكیان دڵخۆشهن، ئاواتیان ئەوەیە لە خۆیشیان باشتر بن، چونكە لە بنچسنەوە ئەوان بەپارچەیەك لە خۆیان دەزانن.
أحمد شوقي كاتێك وەسفی میهرەبانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم دەكات بە ئوممەتەكەی لە قەسیدە بەناوبانگەكەی الهمزیة دا، میهرەبانییەكەی بە میهرەبانی دایك و باوك دەچوێنیت و دەڵێت:
.(وَإِذا رَحِمتَ فَأَنتَ أُمٌّ أَو أَبٌ **** هَذانِ في الدُنيا هُما الرُحَماءُ) واتە كاتێك ڕەحم و بەزەیی دەنوێنێت، هەروەكو باوك و دایك ڕەحم و بەزەیی دەنوێنیت، چونكە لە دونیادا میهرەبان و بەبەزەیی ڕاستەقینە ئەو دوانەن.
له حه‌سه‌نی به‌سری ده‌گێڕنه‌وه - به‌ڕه‌حمه‌ت بێت - كه فه‌رموویه‌تی: (لیس من ولد آدم إلا وخلق معه الحسد) واته: هه‌موو ئاده‌میزادێك ئیره‌یی له‌گه‌ڵدا درووست كراوه. هه‌ندێ فه‌رمووده‌ش له‌م باره‌وه ده‌گێڕنه‌وه به پێی دوورونزیكی له ئه‌سڵی بابه‌ته‌كه سه‌نه‌ده‌كانیان له نێوان سه‌حیح و حه‌سه‌ن و لاوازدایه، له‌وانه‌شه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌موو مرۆڤه‌كان پشكێكیان له ئێره‌یی تێدایه و بڕێك له حه‌سوودی له ناخیاندا بوونی هه‌یه، جگه له پێغه‌مبه‌ر نه‌بێت صلی الله علیه وسلم دڵی له ئێره‌یی پاك كراوه‌ته‌وه وه‌كو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ هه‌ڵگرتنی په‌یامی الله بۆ مرۆڤایه‌تی.
شایانی باسه ئه‌و ئیره‌ییه له‌و سنووره‌ی باسمان كرد ته‌نها له سنووری كه‌سانی ئاسایی و ساده‌دا نییه، به‌ڵكو كه‌سانی پایه‌دارو خاوه‌ن چاكه‌یش له قۆناغ و بازنه‌یه‌كدا تووشی ده‌بن، وه‌كو دایكمان عائیشه الله لێی ڕازی بێت فه‌رموویه‌تی هه‌ستم به ئێره‌یی كردووه به‌رانبه‌ر خه‌دیجه ڕه‌زای الله ی لێبێت به هۆی ستایشه‌كانی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه و سلم بۆ ئه‌و، له كاتێكدا خاتوو خەدیجە الله لێی ڕازی بێت له ژیانیشدا نه‌مابوو.
بە كورتی: ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ستكردنه به ئیره‌یی وا لە كەسەكە نه‌كات سته‌م یان غه‌یبه‌ت یان هه‌ر سنوور به‌زاندنێكی شه‌رعی ئه‌نجام بدات ومه‌سه‌له‌كه ته‌نها هه‌ستێك بێت له ناخیدا بوونی هه‌بێت، له‌سه‌ری گوناهبار نابێت وئاساییه و ده‌توانی له‌به‌رانبه‌ردا دوعای خێر بۆ ئه‌و كه‌سه بكات و ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌سته خراپە په‌تییه ببێته‌وه به نزای چاكه به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی و به هێزی خێر‌و چاكه‌ی ناخی كاریگه‌ری هه‌ستی خراپه‌ی به‌شه‌كه‌ی تری ناخی له ناوبدات.