پێناسەیەك بۆ كتێبی (التسعینیة)
(التسعینیة) كتێبێكی بواری عەقیدە و بیروباوەڕە، یەكێكە لە گرنگترین و وردترین كتێبەكانی شیخ الإسلام ابن تیمیة بە ڕەحمەت بێت، لە بواری ناووسیفەتەكانی الله عزوجل بەگشتی و بە دیاریكراویش لە بواری سیفەتی (كلام) نووسیوێتی و هەر هەمووی بەرپەرچدانەوەیە بۆ ئەشاعیرە، بەڵام ڕێڕەوی نووسینەكە وایخواستووە لەگەڵ ئەشاعیرەدا بەرپەرچی موعتەزیلە و جەهمییەكانیش بداتەوە بەو ئیعتیبارەی كە ئەم سێ كۆمەڵە لە مەسەلەی ڕەتكرنەوەی حەقیقەتی كەلامی الله عزوجل و تەئویل كردنیان بۆ سیفاتەكان هاوبەشن.
هۆكاری ناونانی كتێبەكە بە (التسعینیة) ئەوەیە ابن تیمیة بەڕەحمەت بێت لە نەوەد ڕووەوە ڕەددی ئەشاعیرەی لە مەسەلەی بیدعەی كەلامی نەفسی داوەتەوە ویەك بەیەك گومانی ئەوان و ماتوردیە و موعتەزیلە و جەهمییەكانی بە بەڵگەی قورئان و سوننەت و بەئەقوالی سەلەف پوچەڵ كردووەتەوە.
ئامانجی بنچینەیی وجەوهەری كتێبەكەی ابن تیمیة ئەوەیە بیسەلمێنێت كەلامی الله تعالی نە مەخلوقە و نە قسەیەكی دەروونییە وەكو ئەشاعیرە دەڵێن، بەڵكو كەلامێكە بە پیت و بە دەنگە و پەیوەندی بە مەشیئەت و ویستی ئیلاهی خۆیەوە هەیە.
گرنگی كتێبەكە لەوەدایە ابن تیمیة ڕەددەكانی بۆ ئەوان بەشێوەیەكی گشتی لەسەر ئایەتەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر صلی الله علیه و سلم و وتەكانی سەلەف لەو بارەوە دامەزراندووە، هەر بۆیە كتێبەكەی بەڕاست و درووستی لەم بوارە گرنگەدا دەربڕین لە بیروباوەڕی سەلەف دەكات .
كتێبی (التسعینیة) لەئاستێكی زانستی زۆر بەرزدا نووسراوە، بۆیە زیاتر كتێبی ئەهلی عیلم و فێرخوازانی زانستی شەرعی ئاستی پێشكەوتووە نەك سەرەتایی، هەرەها لەبەر ئەوەش كە ئەم كتێبە لە نێو كتێبەكانی ڕەدد وبەرپەرچدانەوەی تاقمەكاندا پۆلێن دەكرێت، جیاوازە لە هەندێ كتێبەكانی ابن تیمیة هەمان بابەت كە دەكرێت هەموو فێرخوازێكی زانست لێی سوودمەند بێت وەكو (العقیدة الواسطیة) و (الفتوی الحمویة) بۆ نموونە،
ئەم كتێبە نموونەیەكی زانستی ناوازەیە لە كتێبەكانی شیخ الإسلام لە كۆكردنەوە لە نێوان ڕەددانەوەی نەیارەكانی ئەهلی سوننەت بەبەڵگەی عەقڵی هاوشان لەگەڵ بەڵگەی نەقڵیدا ، بۆ نموونە: كاتێك ڕەددی یەكێك لە گومانەكانی ئەشاعیرە دەربارەی كەلامی نەفسی دەداتەوە وەكو ئەوەی ابن فورك كە دەڵێت سیفەتی كەلام یەك سیفەتی قەدیمە وئەزەلییە و نەدابەش دەبێت ونە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، ابن تیمیة بەوە دەزانێت ئەو قسەی ابن فورك وئەشاعیرەكان ڕەنگدانەوەو كاریگەری فەلسەفەی ئەرستۆیە لە عەقیدەیاندا كە پێشتر باسمان كردووە.
ابن تیمیة بەڕەحمەت بێت ابن فورك وابەستە دەكات بە هێنانەوەی بەڵگە لەسەر ئەم قسە ناكۆكەی لەگەڵ عەقیدەی سەلەفدا، واتە پێش ئەوەی بەبەڵگەی شەرعی بەرپەرچی بداتەوە داوای بەڵگەو سەرچاوەی ئەو قسەی لێ دەكات لە كوێوە هێناوێتی، چونكە ابن تیمیة دەزانێت لە بنچینەوە ئەوە قسەی ئەرستۆ و فەلاسیفەی یۆنانە، دەڵێ لەسەر ئەو ڕێڕەوە فەلسەفییەی خۆتان بیسەلمێنە كە كلامی الله قەدیمە ویەك شتە و بەش بەشكردن قبوڵ ناكات و پەیوەندی بە سیفەتی ئیرادەوە نییە، ابن تیمیة سەرەتا بەم وابەستەكردنەی بۆ بەرانبەر گومانەكەی پوچەڵ دەكاتەوە بەوەی ئەو بیروباوەڕەی لەسەر كۆمەڵێك گریمانەی مەنتیقی وفەلسەفی بێ بەڵگە و ناكۆك لەگەڵ عەقیدەی سەلەفدا دامەزراندووە، بەدوای ئەوەدا بەبەڵگەی قورئان و سوننەت و قسەی زانایانی سەلەف ڕەددی ئەداتەوە.
.ئەم كتێبە كە یەكێكە لەناوازەترین كتێبەكانی عەقیدە لە درێژایی مێژووی ئیسلامدا، لە تێزێكی دوكتۆرا و لەسێ بەرگدا لەلایەن د.محمد بن إبراهیم العجلان تەحقیق كراوە و خزمەتێكی باشی كتێبەكەی كردووە و هەر لە پێشەكییەكەیدا هەندێ زانیاری گرنگی دەربارەی كتێبەكە باس كردووە لێرەدا پوختەكەیتان بۆ دەخەمەڕوو:
1- شیخ الإسلام ئەم كتێبەی لەبەرپەرچدانەوەی عەقیدەی ئەشاعیرە و كوللابییە وهاوئاوازەكانیاندا بەتایبەتی نووسیوە، ڕێبازێكی زانستی گرتووەتەبەر بە پشت بەستن بە شیكردنەوەی شەرعی و هاوكات بایەخدان بەبەڵگەی نەقڵی ودەمكوتكردنی نەیارانی ئەهلی سوننەت بەهەمان ئەو چەكانەی ئەوان بەكاریان هێناوە، بۆیە كتێبی (التسعینیة) بەیەكێك لە گرنگترین سەرچاوەكانی عەقیدە ئەهلی سوننەت دادەنرێت.
2- ابن تیمیة بەڕەحمەت بێت ئەم كتێبەی لە كاتێكی سەخت و ناخۆشدا نووسیوە كە لە زیندانی ئەشاعیرەكاندا بووە و داوای لێكراوە لە بیروباوەڕەكانی پاشگەزبێتەوە، بەدیاری كراویش بەنووسراو لە زیندانەكەیدا داوایان لێ دەكرد ئەمانەی لەم كتێبەیدا باسی كردووە باسی نەكات، بەڵام ابن تیمیة وەكو نموونەیەكی خۆڕاگری ئارامگرتنی بەرانبەر ئەو ستەمەی ئەشاعیرەكان لەویان دەكرد ئەم كتێبەو دەیان كتێب و سەدان فەتوای گرنگی لێ بەرهەم هات.
3- ئەم كتێبە باسی مەسەلەیەكی یەكجار گرنگ دەكات ئەویش كەلامی الله یە وبەرپەرچی تانەدەرەكان دەداتەوە، هەروەها ڕەددی مەسەلەی خەلقی قورئان و كەلامی نەفسی و ئەو گومانانەی ئەشاعیرەو ماتوریدییە و كوللابییەكان لەو بارەوە دەداتەوە.
4- بایەخ وگرنگی ئەم كتێبە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە دەربڕین لە عەقیدەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت دەكات ودەكرێت بەیەكێك لەسەرچاوەكانی عەقیدەی سەلەف دابنرێت، بیروباوەڕەكانی ناو ئەم كتێبە دەربڕینە لە واتاكانی قورئان و سوننەت و وتەی سەلەف، هەروەها لەگەڵ ڕەددانەوەی مەسەلەی (خلق القران) و (الكلام النفسي) چەندین بیدعەو گومانی تری فیرقەكانی دەرخستووە وڕەددی داوەتەوە، وەكو نكۆڵی كردنیان لە (عل) بەرزی الله عزوجل و علم و دابەزین و وسیفەتەكانی تر.
5- یەكێكی تر لەلایەنە گرنگەكانی ئەم كتێبە ئەوەیە ئاماژە بۆ هەندێك كتێب دەكات كە وەكو سەرچاوەی ڕەددانەوەكانی بەكاری هێناون، ئەو كتێبانە فەوتاون وبەدەستمان نەگەیشتوون، یان هێشتا چاپ نەكراون، بۆ نموونە: كتاب السنة لأبي الشیخ الأصبهاني، كتاب السنة للطبراني. بێجگەلە لەوانەش لەو كتێبەیدا شیخ الإسلام ئاماژەی بۆ كۆمەڵێكی تری زۆر لەسەرچاوەی گرنگ كردووە.
إحسان برهان الدین
15 صفر 1448- 29 تموز 2026