عەلمانیەت..لە نەیارەوە بۆ یار !
بە وردبوونەوە لە هەموو جۆرەكانی دژایەتی و ڕووبەڕووبوونەوە بۆ ئیسلام لە درێژایی مێژوودا، دەردەكەوێت عەلمانییەت گەورەترین شێوازەكانی دژایەتی گشتگیر بووە بۆ ئیسلام، چونكە عەلمانیەت وەكو سیستمێك، بەڵكو وەكو ئایینێكی بەدیل بۆ ئیسلام خۆی ڕادەگەیەنێت. لە كاتێكدا مەودای نێوانیان وەكو مەودای نێوان ئاسمان و زەوییە، لە ڕاستیدا جیاوازی نێوان عەلمانیەت و ئیسلام وەكو جیاوازی نێوان ژەهر هەنگوینە.
بەڵام كارەسانی لەوە گەورەتر ئەوەبوو، بەهۆی جەهل ولادانی موسوڵمانانی ئەم سەردەمە لە ڕێگای ڕاستی قورئان و سونەت ودەرئەنجام لاواز بوون و بێ غیرەتییان لەسەر دینەكەیان، كە ئەمە وای كرد ببنە جەماوەرێكی گوێڕایەڵی چاونووقاو بۆ هەر دەسەڵاتدارێك یان خاوەن بانگەشەیەكی گومڕایی، بۆیە مەخابن مەسەلەكە بە خەڵكەوە نەوەستا، بەڵكو حیزب و كەسایەتی و ڕێكخراوە ئیسلامییەكانیش لە زۆربەی وڵاتەكانی جیهاندا (ئەڵبەتە بەمانەی لای خۆیشمانەوە)، لە پشت ئەوانەشەوە هاوشان لەگەڵیاندا، سوپایەك لە بەناو زاناو مەلا و كەسانی درووستكراو لە پێشنوێژ و وتارخوێن وبانگخواز ، كە لە جیهانی ئیسلامیدا ژمارەیان سەدان هەزار كەس دەبێت، لە هەنگاوێكی هەڵە و ترسناك و دوور لە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی دین و حوكمەكانی تەوحید و بیروباوەڕدا ، پەیوەندییەكی تەبایی و سازش و گونجانیان لەگەڵ عەلمانییەت و سەرانیاندا گرێدا وبەدەر لە پێناسەی عەلمانییەت بۆ ئیسلام و بۆ موسوڵمانان، ئەوان پردێكی برایەتی و هاوڕێتی و هاوكارییان لەگەڵیاندا دابەست.
ئەوانە لە جیاتی ئەوەی بەرگری لە دینەكەیان بكەن و لە ڕووی شاڵاوی عەلمانیەتدا بوەستنەوە، بە پێچەوانەوە هەستان بە نزیك بوونەوە و سازش كردن لە گەڵیاندا و وتۆكمە كردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەوانەی دینەكەیان بە نموونەی دواكەوتن دەزانن و مرۆڤ بە پەرورەدگاری راستەقینەی خۆی دەزانن!
ئینجا بە تێپەڕبوونی ساڵانیش، عەلمانیەت نەك تەنها بوو بە حاڵەتیكی ئاسایی و واقیعێك لە ژیانی خەڵكیدا ، كە دواجار بە زۆر بوار و چەمك وپێناسەكانی قایل بوون، بەڵكو سەرباری ئەوەش عەلمانییەت لە ڕێگای سیاسەت ودەسەڵات و ئابووری و ڕاگەیاندنەوە، دوای ئەوەی توانی سەر بكات بە هەموو ماڵەكاندا و بە شێوەیەك لە شێوەكان جێگای خۆی لەناو زۆربەی خێزانە موسوڵمانەكاندا بكاتەوە، توانی دزە بكاتە نێو مێشكی كەسایەتی و بانگخواز و حیزب و ڕێكخراو و سیاسەت و ڕاگەیاندنە ئیسلامییەكان و تەنانەت شێوازی مامەڵەو ڕەفتاریان بە ڕەنگی خۆی ڕەنگ بكات.
دواجاریش بە بەهانەی نوێخوازی و بەرەوپێشچوونی ڕەڕەوەی ژیان و شارستانی و ڕیفۆرم وچەندین زاراوەی گوماناوی ترەوە ، ئەوانەی كە دەبوو لەڕووی ئەم كارەساتە بوەستنەوە كە دین و ڕەوشتی موسوڵمانانی كردووەتە ئامانج، بە پێچەوانەوە، لە هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراواد سازشیان لەگەڵ عەلمانییەت كرد و لە گەڵیدا بوون بە هاوڕێ و هاوخەبات و بگرە هەندێ جار هەر خۆیان بانگەشەی كردەییش بۆ هەندێ لە بنەماكانی عەلمانیەت دەكەن و خەڵكی بۆ ئەو دۆزەخە پەلكێش دەكەن!
ئەوەش كە جێگای مەترسی بوو بە ئێستاشەوە، تەنها دزە كردنی چەمكە عەلمانییەكان وەكو چەمگەلێكی دژ بە ئیسلام نەبوو، بەڵكو ئەو چەمكانە جوانكاری وڕتوش و هەمواركردنێكی زۆریان تێیدا كرد بۆ ئەوەی وەكو چەمگەلێكی ئیسلامی دەربكەون، واتە بە میكینازمێكی چەواشەكارانەی پلان بۆ دارێژراو زۆرزانانە، بەرگێكی شەرعییان بەبەر ئەو چەمكە عەلمانی و لیبرالییانەدا كرد وسەردەمێكی تازە لەبەرگریكردنی ناڕاستەوخۆ لە عەلمانییەت لەناو موسوڵمانان و ئیسلامییەكاندا بەبیانووی جۆراجۆرەوە دەستی پێكرد.
بەم شێوەش موسوڵمانان بە گشتی و كەسایەتی و ڕیكخراو و حیزبە ئیسلامییەكان بەتایبەتی، كەوتنە ژێر كاریگەری سەختترین هێرشی فیكری دوژمنانی ئیسلام كە لە درێژایی مێژوودا وێنە و هاوشێوەی نەبووە، بەڵام بە شێوازێكی تەواو جیاواز و بە پشتگیری كەسانێكی زۆر لەناو بازنەی خودی موسوڵمانانەوە!
بەوەش موسوڵمانان وئیسلامییەكان میسداقیەتی خۆیان لەدەستدا و خۆیان بچووك كردەوە و لە تاقیكردنەوە عەقیدییە قورسەكەدا شكستیان هێنا و دەرنەچوون، عەلمانیەتیش بەهۆی ئەوانەوە - بە زمانی حاڵ نەك گوفتار - لە ناحەز ونەیاری دوێنێوە، بوو دۆست ویارێكی ئەمڕۆ.